بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەسەر هاوزمان و هاونەتەوەمان داهات لە رۆژئاوای کوردستان ، کە بووە هۆی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لە ئەنجامی کەمبوونەوە و نەمانی بڕی پێویست خۆراک و دەرمان و پێداویستی پزیشکی. بە هەستکردن بەرپرسیاریەتی مرۆیی و گیانی نەتەوەی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیکای پزیشکانی کوردستان هەڵسان بەدروستکردنی ( کەمپنی هاوکاری کوردانی رۆژئاوا) ، دوای کۆکردنەوەی گوژمەیەک هاوکاری و بەخشینی راستەوخۆ لە هەردوو سەندیکا و بەخشینی بڕێک دەرمان لە چەند کۆمپانیایەکی دەرمان لێژنەی هاوکاری هەڵسان بە کڕینی برێکی باش لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی . بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی بە سەرکەوتووی گەیندرایە رۆژئاوای کوردستان و بەسەر کەمپ و نەخۆشخانەکان دابەش دەکرێت بەگوێری پێویستیان.