یاداشتی کۆی سەندیکاکانی تەندروستی بۆ بەڕێزان:
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
وەزارەتی تەندروستی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی ئەنجام دا،بۆ تاووتوێ کردنی خراپی دۆخی دارایی تەندروستکاران و نەهاتنی مووچە، لەگەڵ کۆی سەندیکاکان گەیشتینە ئەم یاداشتە هاوبەشە:
١. کاتێک قەیرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا(کۆڤید-١٩) بەرۆکی جیهانی گرت و کوردستانی خۆشمان بێ بەش نەبوو لەو پەتایە، خۆشخاڵ بووین بە هەوڵی هەموو لایەک و ماندووبوونی تەندروستکاران بەزوویی ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئەنجام دران.
٢. ڕاستە ڤایرۆسی کۆڕۆنا(کۆڤید-١٩) پەتایەکی تەندروستیە، بەڵا لێککەوتەی خراپی لەسەر کۆی کایەکانی ژیان هەبووە، بە تایبەت دۆخی دارایی، کە ژیان و گوزەرانی تەندروستکارانیشی گرتۆتەوە.
٣. بەداخەوە بۆ نزیکی پەنجا ڕۆژە موچەی تەندروستکاران نەدراوە و موچەش نەنێردراوە لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، ئاگادارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵە دیبلۆماسییەکانی دەستپێکردووە، پێویستە بەهەر جۆرێک بێت لەبەر ڕۆشنایی خراپی دۆخی دارایی ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
٤. کۆی تەندروست کاران بە هەموو پیشەکانەوە بێ بەشکراون لە سەرەتاییترین ماف کە مووچەی مانگانەیە، ئەمە سەرەڕای سترێسی زۆری کارکردنیان لە ماوەی ڕابردوو.
٥. داوا لە حوکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەرچی زووە خەمی جددی بخوات لە دابینکردنی مافی تەندروستکاران و ڕێکاری بەپەلە بگرنە بەر و پلانی درێژخایەن دابنێن بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی ئەم کێشەیە.
٦. داواکارین لە کۆی تەندروستکاران پشوو درێژ بن لە درێژەپێدان لە خزمەتکردنی هاوەڵاتیان تاکو وەڵامی ئەم یاداشتە وەردەگرینەوە و دواتر هەموو ڕێکارێکی مەدەنیش بۆ داواکردنی مافەکان تاوتوێ دەکرێن.
۷. پەتای کۆڕۆنا(کۆڤید-١٩) بەردەوامە و داوا لە تەندروستکاران دەکەین بەردەوام بن لە ڕێکارە خۆپارێزییەکان بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان و پێویستە هاوڵاتیانیش پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بن.
لە کۆتاییدا داوا لە بەڕێزان لە ئەنجومەنی وەزیران دەکەین وەڵامی بەپەلەی ئەم یاداشتەمان بدەنەوە، بەو پێیەی دۆخەکە زۆر هەستیارە.
لەگەڵ ڕێزدا..
سەندیکای پزیشکانی کوردستان
سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان
سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان
سەندیکای بایۆلۆجی کوردستان
سەندیکای کیمیاگەرانی کوردستان